هەرێم نیوز
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، لەبارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، شاندی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەکانیان بۆ پێکهێنانی کابیەنی 10ـی حکومەتی کوردستان دەستپێدەکەنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، كۆبوونەوەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت و شاندەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی و ئەندامێتیی رێواز فایەق و دەرباز كۆسرەت و ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت.
هاوكات شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندامێتیی پشتیوان سادق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندییە.
سێشەممەی ڕابردوو، 9ـی کانوونی یەکەم، قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، ئەم هەفتەیە هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە.
ئەمە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت، لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق.
تا ئێستا پارتی و یەکێتی چەندان جار کۆبوونەوەی باڵایان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، هەردوولا لەسەر زۆرینەی بابەتەکان ڕێککەوتوون، ئەوەی ماوەتەوە دابەشكردنی پۆستەکانە.
پارتی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەستهێنا.