هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە داوای وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ڕازی بوو و بڕیاری لێخۆشبوونی 50%ـی قەرزی سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراوی پەسەند کرد.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ ئاشکرای کرد، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوێکی فەرمی، ڕەزامەندی لەسەر داواکارییەکەی وەزیر دەرخستووە، کە داوای لێخۆشبوونی نیوەی قەرزی کەڵەکەبووی سەر کەناڵەکان دەکرد.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەت، ژمارەیەکی بەرچاوی کەناڵەکان پابەندی دانەوەی قەرزەکانیان نەبوون. داتاکان دەریانخستووە کە لە کۆی زیاتر لە 300 کەناڵی ڕاگەیاندنی تۆمارکراو (بینراو و بیستراو)، سێ لەسەر چواریان قەرزی کەڵەکەبوویان لەسەرە.
لە کۆی 176 کەناڵی بیستراو (ڕادیۆ)، 132 کەناڵ قەرزدارن.
لە کۆی 126 کەناڵی بینراو (تەلەڤزیۆن)، 94 کەناڵ قەرزدارن.
بە گشتی، لە کۆی 302 کەناڵ، ژمارەی کەناڵە قەرزدارەکان دەگاتە 226 کەناڵ.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان داوای لەو کەناڵانە کردووە کە قەرزاری گەنجینەی گشتین، لە ماوەیەکی دیاریکراودا بڕە پارەی قەرزەکەیان (پاش لێخۆشبوونی نیوەکەی) بگێڕنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە کەناڵەکان تەنها ماوەی مانگێکیان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی پابەندی دانەوەی قەرزەکەیان بن، بەمەش دەتوانن سوودمەند بن لە بڕیاری لێخۆشبوونی 50%ـی قەرزەکەیان.