هەرێم نیوز
ئەو پێشمەرگەیەی شەوی ڕابردوو لەسەر دەمەقاڵێ پێشمەرگەیەکی هاوڕێی کووشت، خۆی ڕادەستی هێزەکانی یەکەی ٧٠ کردووە و دەستگیر کرا.
ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی هێزەکانی یەکەی ٧٠ رایگەیاند، "بکووژی (ع.ح.خ) چەند کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە خۆی ڕادەستی هێزەکانی یەکەی ٧٠ کردووە و ئێستا لای ئێمە دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە."
شەوی ڕابردوو، لە پرۆژەیەکی ئاو لە گوندی زێوێ لە ناحیەی پیرەمەگروونی سەر بە قەزای دووکان لەکاتی ئەرکدا دەمەقاڵێ لەنێوان دوو پێشمەرگەی یەکەی ٧٠ دروست بوو، بەگوێرەی گێڕانەوەکان سەرەتا کۆتایی بە دەمەقاڵێکەیان هاتووە و دواتر دیسان دەمەقاڵێیان دروست بووەتەوە، چەکیان بەکارهێناوە و تەقەیان کردووە، بەهۆیەوە یەکێک لە پێشمەرگەکان گیانی لەدەست دا.
ئەو پێشمەرگەیەی کە کوژراوە و ئەوەشی کە بکوژە، هەردووکیان پلەیان نائیب زابت بووە و خەڵکی سنووری قەڵادزێن.
عومەر حەمەخدر کە لە دایکبووی ساڵی ۱۹۸۱ و خەڵکی شارۆچکەی قەڵادزێ بوو، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی فەرمیدا بوو کە بە فیشەکی هاوکارەکەی کوژراوە.