هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە کەناڵە میدیاییەکان دەکات تێکەڵ نەکرێن بە کێشە و ململانێ سیاسییەکان. دەشڵێت وەک هەمیشە دووپاتی دەکەینەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەشێک نییە لە کێشە و ململانێ سیاسییەکان، لەماوەی ڕابردوودا بێلایەنی خۆی پاراستووە و دەیپارێزێت، تەنها ڕێگەی کوردایەتی گرتووەتەبەر و لێی لانادات.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
وەزارەتی دارایی تێکەڵ بە کێشە و ململانێ سیاسییەکان مەکەن
وەڵامێک بۆ کەناڵ ( ٨ )
لەمیانی گەشتی هەواڵەکانی ڕۆژی دووشەممەی کاتژمێر ( ١٢ ) ی کەناڵ ( ٨ ) دا یەکێک لە بێژەرانی ئەو كەناڵە بەسەرسوڕمانەوە دەڵێت وەزیری دارایی و ئابووری چی بۆ چەمچەماڵ کردووە.
بەپێویستمانزانی بۆ ئەو کەناڵە و بێژەرەکەی و ڕای گشتی ئەم ڕاستییانەی خوارەوە بخەینەڕوو.
١- لەبوودجەی دیاریکراوی عێراق بۆ ساڵەکانی ( ٢٠٢٥/٢٠٢٤/٢٠٢٣ ) کە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەرداوە بەهەموو لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لە بڕگەی تایبەت بە ( منح وإعانات ) دا هیچ پشکێکی بۆ حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دانەناوە ( بەخشین ) ، بۆیە نەحکومەتی هەرێم و نە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە سنووری بوودجەی دیاریکراودا مافی هیچ جۆرە بەخشینێکی نییە ( بۆ کەناڵی ٨ ی بێ زانیاری دەکرێت بگەڕێنەوە بۆ ناوەڕۆکی یاسای بوودجەی ٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣ ) .
٢- وەزارەتی دارایی و ئابووری وەک لایەنێکی فەرمی حکومەتی هەرێم هەر بوودجە و پارەیەک تەرخان بکات بۆ هەر ناوچەیەک بێجگە لە پابەند بوون بە خاڵی یەکەم ، دەبێت بە پێی ڕێکار و یاسا و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم بێت و لە رێی پێشکەش کردنی داواکاری فەرمییەوە بێت .
٣- لەماوەی شەش ساڵ و پێنج مانگی ڕابردوودا سەرباری هەموو ئەو کێشە و قەیرانانەی کە بەهۆی ئابڵوقەی ئابووری عێراقی فیدراڵەوە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە ، لەسنووری چەمچەماڵ و دەورو بەری یەک بەرد نەخراوەتە سەر بەردێک بەبێ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.
٤- تەنها لەساڵی ٢٠٢٥ دا وەک وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕەزامەندیمان لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی ١٦٠ ملیار دینار بۆ سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە ( چەمچەماڵ ) داوە، کە زۆرینەیان بەر سێکتەری شارەوانی و ڕێگاوبان کەوتووە، ئەوە جگە تەرخانکردنی ملیاران دیناری تر بۆ سێکتەرەکانی تەندروستی و کشتوکاڵ و پەروەردە و کارەبا و خوێندنی باڵا.. هتد.....
بۆ ڕاستی و دروستی دەکرێت کەناڵ ( ٨ ) بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو فەرمانگانە بکات.
٥- وەک وەبیرهێنانەوەیەک، ئەوە وەزارەت و وەزیری دارایی بوون، کە دوا شەڕیان لەسەر خەرجکردنی بوودجە بۆ پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ کرد و ڕێگریەکەش لەبندەستی چەمچەماڵەوە بوو بەتەرخان نەکردنی سیولەی پێویست بۆی .
٦- کەناڵی ( ٨ ) و هاوشێوە پۆپۆلیستەکانی دەتوانن بەدواداچوون بۆ دەرئەنجامی کارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە سنووری چەمچەماڵ بکەن، سەردانی زانکۆی چەرموو هەتا یەک بەیەکی فەرمانگە خزمەتگوزاریەکان بکەن و بزانن ئەوەی بەبێ دەنگ و بەکرداری خزمەتی چەمچەماڵ و دەوروبەرەکەی کردووە کێ بوون ؟.
وەک هەمیشە دووپاتی دەکەینەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەشێک نییە لە کێشە و ململانێ سیاسییەکان، لەماوەی ڕابردوودا بێلایەنی خۆی پاراستووە و دەیپارێزێت، تەنها ڕێگەی کوردایەتی گرتووەتەبەر و لێی لانادات، بۆیە چەند بارەی دەکەینەوە ئێمە لە کێشمەکێشمی سیاسی و مزایەدات دوور بخەنەوە.
پێشمان وایە ئەگەر گرنگیپێدانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان نەبوایە کارەساتی چەمچەماڵ گەورەتر دەبوو.
دوا خزمەت کە وەزارەتی دارایی و ئابووری پێشکەش بە چەمچەماڵی کردبێت، لەسەر داوای سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری چەمچەماڵ پێشینەی هەموو فەرمانگەکانی سنووری چەمچەماڵی بە ( الاستثناء ) خەرج کردووە پێش هەموو دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان.
بەکورتی و بەپوختی هەرچی لەدەسەڵاتی وەزارەتی دارایی بێت بۆ ئەو ناوچەیە کردوویەتی و لەمەودواش ئەیکات ، هەموو ڕێگریەکانیش نەک لە وەزارەتی دارایی نییە بەڵکوو لەدەوروبەری چەمچەماڵ بوون.
جەختیش دەکەینەوە هەرکەس و لایەنێک تەشهیر و بوختان بە وەزارەتمان بکات بێ وەڵام نابین.
وەزارەتی دارایی و ئابووری
٢٣ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥