دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

لەسەر سکاڵای وەبەرهێنەرێکی سلێمانی ڕۆژنامەنووسێک لە چەمچەماڵ دەستگیر کرا

هەرێم نیوز

هێزە ئەمنییەکانی سنووری چەمچەماڵ ڕۆژنامەنووسێکیان دەستگیر کرد، تەنها لەبەر ئەوەی ڕاپۆرتێکی لەسەر هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو بڵاو کردووەتەوە و باسی لە کەمتەرخەمیی پڕۆژەکان کردووە، هەروەها بڕیارە هەر ئەمڕۆ چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان لە دژی دەستگیرکردنی وریا عەبدولخالق کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ببەستن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی 12ی 2025، هێزە ئەمنییەکانی قەزای چەمچەماڵ، ڕۆژنامەنووس (وریا عەبدولخالق)یان دەستگیر کرد، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو بابەتێکی لەسەر هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بڵاو کردبووەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە لەسەر سکاڵای وەبەرهێنەر و سەرمایەدارێکی ناسراوی شاری سلێمانی بووە؛ هۆکاری سکاڵاکەش ئەوەیە کە وریا عەبدولخالق لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەشێک لە هۆکارەکانی لافاوەکەی ئەم دواییەی چەمچەماڵ، پەیوەندیی بە پڕۆژەکانی ئەو وەبەرهێنەرەوە هەیە.

تا ئێستا لایەنە ئەمنییەکان و لایەنی سکاڵاکار بە فەرمی ڕوونکردنەوەیان لەسەر وردەکاریی یاسایی دۆسیەکە نەداوە، بەڵام دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە ناڕەزایەتی و دەنگدانەوەی لەناو ناوەندە میدیاییەکان لێ کەوتووەتەوە.

هەروەها بڕیار وایە، ئەمڕۆ ژمارەیەک چالاکوان و ڕۆژنامەنوس دژی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق کاتژمێر 4ی ئێوارە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەبەردەم قایمقامێتی چەمچەماڵ ئەنجام بدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP