هەرێم نیوز
یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 292 پەرلەمانتار دەستی پێ کرد و سێ کاندید کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن، پارتیش شاخەوان عەبدوڵای کاندید کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ی 12ی 2025، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێ کرد. لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، پەرلەمانتارانی کورد بە زمانی کوردی سوێندی یاساییان خوارد.
بەگوێرەی زانیارییەکان، سێ کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کردووە کە پێکهاتوون لە (هەیبەت حەلبووسی، سالم عیساوی و عامر عەبدولجەبار)، ئەمەش دوای ئەوەی موسەننا سامەڕایی، کاندیدی هاوپەیمانیی عەزم لە بەرژەوەندیی هەیبەت حەلبووسی کشایەوە.
لەلایەکی دیکەوە شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، کاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان (شاخەوان عەبدوڵا)یە و جەختی کردەوە کە بەپێی یاسا دەبێت ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، پێش دانیشتنەکە فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی بە جیا کۆبوونەتەوە و دانەر عەبدولغەفار، پەرلەمانتاری کورد ئاشکرای کرد: "بەداخەوە تا ئێستا هیچ هەماهەنگییەک لەنێوانمان (پارتی و یەکێتی) نییە، بەڵام لەوانەیە لەم دانیشتنەدا بەرچاومان ڕوونتر بێت، چونکە دروستکردنی ئەو هەماهەنگییە زۆر پێویستە."