هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ی بڵاو کردەوە و ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەکە لە سێ ڕۆژدا کۆتایی دێت و داوا دەکات سبەی پاش نیوەڕۆ سەردانی بانکەکان بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی 12ی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10)ی بڵاو کردەوە، بەگوێرەی خشتەکە ڕۆژی دووشەممە 29ی مانگ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و ڕۆژی چوارشەممە 31ی 12ی 2025 کۆتایی دێت.
وەزارەتی دارایی تێبینییەکی گرنگی بۆ فەرمانبەران خستووەتە ڕوو و دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی وەرگرتنی پارە بە شێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق دەکەوێتە سبەی لە کاتی دەوامی فەرمی و دواتر گواستنەوەی بۆ بانکەکان، داوا لە سەرجەم مووچەخۆران دەکەین سبەی دووشەممە لەدوای کاتژمێر 1:00ی نیوەڕۆ سەردانی بانکەکان بکەن."
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، بڕی 942 ملیار و 845 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.