دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ناساندی سوماڵیلاند وەك دەوڵەتێكی سه‌ربه‌خۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە کاردانەوەی تورکیای لێدەکەوێتەوە

هەرێم نیوز

سوماڵیلاند لە وڵاتی سوماڵ جیا بووەوە و سەربەخۆبوونی خۆی راگەیاند، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بە فەرمی سوماڵیلاندی وەكوو وڵات ناساند، بەمەش ئیسرائیل تاكە وڵاتە لە جیهاندا ئەو شوێنەی وەكوو وڵات ناساندووە، كاردانەوە جیهانییەكانیش بەردەوامە.

شەوی رابردوو، نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، تیایدا ناتانیاهۆ قسەی لەگەڵ محەمەد عەبدوڵا، سەرۆک کۆماری سۆماڵیلەند كردو رێککەوتننامەی دانپێدانانی یەکتریان واژۆکرد.

ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل بە تایبەتی بۆ ئەنكەرە گرنگە بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی نزیک و تایبەتی نێوان تورکیا و سۆماڵ، بوونی تورکیا لە سۆماڵ تەنیا دیپلۆماسی و ئابوری نییە، بەڵکو سەربازیشە.

پەیوەندییەکانی تورکیا و سۆماڵ، هاوپەیمانییەکی سەربازییە کە لێكنزیكی دیپلۆماسی تێپەڕاندووەو پەیوەندییەكی بەهێزیان هەیە، توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا زۆرترین وەبەرهێنانی لە سۆماڵدا كردووەو خاوەنی گەورەترین بنكەی سەربازییە لەو وڵاتە، ئەوەش وایكردووە، ئەو جوڵە نوێیەی ئیسرائیل بەلای توركیاوە بایەخی تایبەتی هەبێت.

• توركیا گەورەترین بنكەی مەشقی سەربازی لە دەرەوەی وڵات لە مەقادیشۆی پایەتەخی سۆماڵ دامەزراندووە.

• رۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لە راهێنان و رێكسختنەوەی سوپای سۆماڵدا.

• هاوکاری سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری لەگەڵ سۆماڵ بەهێزتر کردووە.

بنکەی مەشقی سەربازی تورکسۆمى توركى لە ساڵی (2017) لەسەر داوای حکومەتی سۆماڵ کراتەوەو رۆڵێکی یەكلاكەرەوەی بینیوە لە پێکهێنانی بڕبڕەی پشتی هێزە چەکدارەکانی سۆماڵدا، سۆماڵ بە تاکە وڵاتی ئەفریقا دادەنرێت کە رێگەی بە بنکەیەکی سەربازیی بە تورکیا داوە، بۆیە ئەنكەرە داننان بە سۆمالیلاند تەنها وەک بابەتی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ نابینێت، بەڵکو وەک ئاڵنگارییەك بۆ سەروەری هاوپەیمانێکی راستەوخۆی تەماشای دەكات.

حکومەتی مەقادیشۆ سۆمالیلاند بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، سەرەڕای هەبوونی حکومەتێک کە پایتەختەكەی "هیرجیسا"یە و خاوەنی پەرلەمان و هێزە ئەمنییە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن هیچ وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دان بە سۆماڵیلانددا نەنراوە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ.

سۆمالیلاند زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسڵمانان، ئیسلام ئاینی فەرمییە لە دەستورەکەیدا، حکومەتی سۆماڵ جیابونەوەی بەتوندی رەتدەکاتەوە، ئەمەش هەڵوێستێکە کە زۆرێک لە وڵاتان هاوبەشن تیادا، بەتایبەت تورکیا.

میدیاكانی توركیا دەڵێن: ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل قەیرانی نێوان ئەسیوپیاو سۆماڵيش دەهێنێتەوە پێشەوە، کە ساڵی رابردوو سەریهەڵدا، دوای ئەوەی ئەسیوپیا رێککەوتنێکی لەگەڵ سۆمالیلاند واژۆ کرد، کە دانپێدانانی خاکەکەی لەخۆگرتبوو، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە دەریا، کە کاردانەوەی توندی لە مەقادیشۆی لێکەوتەوەو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، توانی کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت، كە لە ئەنجامی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە ئەنكەرە، پلانی ئەسیوپیا بۆ دانپێدانانی سۆمالیلاند هەڵپەسێردرا.

هاوکات، عەبدی بەرە، سەرۆك وەزیرانی سوماڵ، دژی ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل وەستاوەتەوە و دەڵێت ئەمە پەلامارێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر وڵاتەكەمان. هەریەك لە وڵاتانی میسر و توركیا و جیبوتیش، ئیدانەی ئەو هەنگاوەی ئیسرائیلیان كرد.

وەزیری دەرەوەی هەرسێ وڵات، پەیوەندیی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و پاشان بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و لە بەیاننامەكەدا هاتووە ”ئێمە وەكوو هەرسێ وڵات، ئیدانەی ئەوە دەكەین ئیسرائیل، سوماڵیلاندی وەكوو وڵات ناساندووە. ئێمە پشتگیریی لە یەكپارچەیی و سەروەری خاكی سۆماڵ دەكەین.“

سۆمالیلاند لە ساڵی 1991دا جیابوونەوەی لە سۆمال راگەیاند، لەگەڵ داڕمانی دەوڵەت، دوای روخانی رژێمی سۆماڵ بە سەرۆكایەتی سیاد بەری.

لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، بزووتنەوەی نیشتمانی سۆماڵ لە باکور سەربەخۆیی سۆمالیلاندی رایگەیاندو هەرجیسا وەك پایتەختی وڵاتەكە دەستنیشانكرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP