هەرێم نیوز
کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ئاشکرایان کرد کە دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی بەردەوامە و جەختیان کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنە بەم زووانە واژۆ دەکرێت.
لە زاری سەرچاوەیەکی سوورییەوە بڵاوکراوەتەوە: "ئەم ڕێککەوتنە بەهۆی هەوڵە زۆرەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەدەست هاتووە" و ئاماژەی بەوەش کردووە: "ڕێککەوتنەکە کە پاشکۆیەکی دیپلۆماسیشی لەگەڵ دەبێت، ئەگەری زۆرە لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە میانی کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرزی سووری-ئیسرائیلی لە وڵاتێکی ئەوروپی واژۆ بکرێت."
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، "ناکرێت ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە کۆبوونەوەیەکی نێوان شەرع و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە دوور بزانرێت."
پێشتر، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاندبوو کە "دیمەشق چاوەڕوان دەکات تا کۆتایی ساڵی (٢٠٢٥) بگاتە ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان سووریا و ئیسرائیل، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ئاگربەستی ١٩٧٤ بە هەندێک دەستکارییەکی بچووکەوە و بەبێ ناوچەی دابڕاو."
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی "i24 News"ی ئیسرائیلی، ئیسرائیل داواکارییەکەی سووریای ڕەتکردووەتەوە بۆ کشانەوە لە هەموو ئەو خاڵانەی کە سوپای ئیسرائیل دوای ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری پێشووی سووریا، لە ناو خاکی ئەو وڵاتەدا کۆنترۆڵی کردوون.
کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەکانی خۆیانەوە ڕایانگەیاندووە کە سوپای ئیسرائیل "لە بەرامبەر ڕێککەوتنێکی ئاشتیی تەواوەتی لەگەڵ سووریا، نەک تەنها ڕێککەوتنێکی ئەمنی، لە هەندێک لەو نۆ خاڵە دەکشێتەوە کە ئێستا لە ناو خاکی سووریادا لەژێر دەسەڵاتیدایە."