هەرێم نیوز
ئەمڕۆ پەرلەمانتارە سەرکەوتووەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، دوای سوێندی یاسایی، پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی دەستپێدەکەن. پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی پێکهاتەی سوننەیە، کێبڕکێیەکی توندی لەسەرە و لایەنە سوننەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون.
کاندیدی زۆرینە: هەیبەت حەلبوسی
ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی کە چەترێکی نوێی سیاسی پێنج هێزی سوننەیە (تەقەدوم، سیادە، حەسمی نیشتمانی، جەماوەری نیشتمانی، و عەروبە)، شەوی ڕابردوو بڕیاریاندا هەیبەت حەلبوسی لە حزبی تەقەدوم کاندید بکەن. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی حزبەکە لە کاندیدبوونی کشایەوە.
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "دوای گفتوگۆ لەنێوان لایەنە براوەکان کە نوێنەرایەتی زۆرینەی سوننە دەکەن، ڕێککەوتووین کە هەیبەت حەلبوسی تاکە نوێنەری ئێمە بێت بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان."
خەنجەر ئاماژەی بەوە کرد: "داوا لە براکانمان و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان دەکەین ڕێز لەم بڕیارە بگرن کە نوێنەرایەتی زۆرینەی پێکهاتەکە دەکات، بەمەبەستی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان."
کاردانەوەی هاوپەیمانی عەزم
پێش بەیاننامەکەی زۆرینەی سوننە، هاوپەیمانی عەزم موسەننا سامەڕائی وەک کاندیدی خۆیان بۆ هەمان پۆست دیاری کرد. عەزم ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی بە "کودەتا" وەسف کرد و وتیان: "ئەمە سەرخستنی بەرژەوەندی حزبییە بەسەر کۆدەنگیی پێکهاتەی سوننەدا."
هەڵوێستی لایەنە شیعییەکان
لە بەرەی شیعەکانەوە، عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی وتی: "پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەنگ بەو کاندیدە دەدەن کە زۆرینەی سوننە دیارییان کردووە، کە ئەگەری زۆرە هەیبەت حەلبوسی بێت."
جەزائیری ئاماژەی بەوەش کرد: "هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییان بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان کردووە."