دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

شەمخانی بۆ ترەمپ: وەڵامی ئێران لە سەرووی خەیاڵی ئێوە دەبێت

هەرێم نیوز

عەلی شەمخانی، گەورە ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران، لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرانبەر هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ ڕایدەگەیەنێت، هێزی مووشەکی و بەرگریی وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵ ناکرێت و هەر دەستدرێژییەک وەڵامی "خێرا و یەکلاکەرەوەی" دەبێت.

شەمخانی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، توانای بەرگریی ئێران بابەتێک نییە ڕێگە بدرێت سنووردار بکرێت. وتیشی: "هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر تاران بە وەڵامێک دەدرێتەوە کە لە سەرووی خەیاڵی داڕێژەرانی هێرشەکەدا دەبێت."

ئەم لێدوانەی شەمخانی دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ لە کاتی پێشوازیکردن لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ویلایەتی فلۆریدا، هۆشداریی توندی دایە تاران. ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو، لە هێرشەکانی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا بنکەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانیان بە تەواوی وێران کردووە، وتیشی: "ئەگەر تاران هەوڵی بونیاتنانەوەیان بدات، بە هێزێکی زۆر گەورەتر لێیان دەدەین."

گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە لوتکە، بەتایبەت دوای ئەو جەنگە ١٢ ڕۆژەی لە نێوان هەردوولادا ڕوویدا. لەو ماوەیەدا ئەمەریکا و ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.

سەرەڕای ئەوەی ئێران دەڵێت پیتاندنی یۆرانیۆمی ڕاگرتووە و ئامادەی دانوستانە، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام نیگەرانی خۆیان لە بونیاتنانەوەی کۆگای مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران دەردەبڕن و جەخت لەسەر بژاردەی سەربازی دەکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP