هەرێم نیوز
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بە فەرمی ڕادەستکردنی یەکەم سیستەمی بەرگریی لێزەری، کە بە "تیشكی ئاسنین" ناسراوە، بە هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند. ئەمەش دوای تەواوبوونی قۆناغێکی ئاڵۆز لە لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوە مەیدانییە سەرکەوتووەکان دێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری، ئەم سیستەمە نوێیە لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا توانیویەتی بە سەرکەوتوویی ڕێگری لە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکات. بڕیاریشە وەک تەواوکەرێک لە پاڵ سیستەمە بەرگرییەکانی دیکەی وەک (گومبەزی ئاسنین، قەڵغانی داود و سیستەمی پەیكان) بخرێتە خزمەتی سەربازییەوە.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە میانی مەراسیمی ڕادەستکردنی سیستەمەکەدا ڕایگەیاند، ئەمە بۆ یەکەمجارە لە جیهاندا سیستەمێکی ڕێگری لێزەری بەهێز دەگاتە قۆناغی کارپێکردنی تەواو.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پەرەپێدانە تەکنەلۆژیایە "یاساکانی یارییەکە" دەگۆڕێت و پەیامێکی ڕوونیشە بۆ نەیارانی وڵاتەکەی لە ناوچەکەدا.