هەرێم نیوز
سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، لەگەڵ هەریەکە لە وڵاتانی یۆنان و قوبرس، ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵییان بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوانیان واژۆ کردووە، کە ئامانجی سەرەکی لێی بەهێزکردنی سەقامگیرییە لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی سوپای ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە لە وڵاتی قوبرس، پلانەکانی کاری پێکەوەیی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ سوپای یۆنان و قوبرس بۆ ساڵی 2026 واژۆ کراون. ئەم پلانانە کۆمەڵێک بوار دەگرنەوە، لەوانە: ئەنجامدانی مەشقی سەربازی و مانۆڕی هاوبەش، پێکهێنانی گرووپی کاری تایبەتمەند لە بوارە جیاوازەکاندا، و بەڕێوەبردنی گفتوگۆی ستراتیژی سەربازی لەسەر ئەو پرسانەی جێی بایەخی هەردوولان.
سوپای ئیسرائیل جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە قۆناغێکی نوێیە لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئەو وڵاتانە و ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.