هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە کۆنترۆڵکردنی چەک بڕیارێکی نیشتمانییە بۆ بڕینی بیانووی دەستوەردانی دەرەکی، هاوکات ڕایدەگەیەنێت لەم ڕۆژانەدا بنکەی عەین ئەسەد وەردەگرنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی 1ی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مەراسیمی شەشەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: "دیدگای ئێمە بۆ سنووردارکردنی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا، بۆ مەبەستی چەسپاندنی سەروەرییە و دژی هیچ لایەنێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بۆ بڕینی بیانووی ئەو لایەنە دەرەکییانەیە کە دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەمان."
سەبارەت بە هێزە بیانییەکان، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و نێردەی یونامی کۆتایی پێ هاتووە و "لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد ڕادەستی هێزە عێراقییەکان دەکرێتەوە."
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە پڕۆسەی چەکداماڵین بە تەواوی عێراقییانە دەبێت و ئەمەش هەنگاوێکە مەرجەعییەتی باڵای ئایینی جەختی لەسەر کردووەتەوە.