هەرێم نیوز
شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاشکرای دەکات، هەمان ئەو هێزەی ئەمەریکا کە سەرۆکی ڤەنزوێلای دەستگیر کرد، ئێستا لەسەر سنووری عێراق جێگیر کراون و هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر گرووپەکان چەک دانەنێن، "شیوەن لە عێراق دەگێڕدرێت".
ئەمڕۆ سێشەممە 6ی 1ی 2026، کازم زوبەیدی، شرۆڤەکاری سیاسی و سەربازی رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە "بەرەی موقاوەمە" بە فەرمانی ئێران کار دەکەن و چەکەکانیان بە پیرۆز دەزانن، ئەمەش عێراقی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی گەورە، چونکە ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
زوبەیدی ئاماژەی بە زانیارییە هەواڵگرییەکان دا و وتی: "هێزی دەڵتای ئەمەریکا، کە هەمان ئەو هێزەن نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستگیر کرد، ئێستا لە دیوی سووریا و ئوردن لەسەر سنووری عێراق جێگیر کراون، بۆیە بەم نزیکانە ڕووداوێکی گەورە لە عێراق ڕوو دەدات."
لە کۆتاییدا هۆشداریی دا کە ئەگەر گرووپەکان چەکەکانیان ڕادەست نەکەن، ئەوا بەپێی قسەکانی وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، هێرش دەکرێتە سەر بنکە و سەرکردەکانیان و "عێراق تووشی شین و ڕۆڕۆ دەبێت."