دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

پەرلەمانی عێراق بۆ داڕشتنی سیاسەتی چوار ساڵی داهاتوو کۆدەبێتەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووەم دانیشتنی خۆی لە خولی شەشەمی یاسادانان ئەنجام دەدات. خشتەی کاری دانیشتنەکە لە سێ بڕگەی سەرەکی پێکدێت، کە بریتین لە: دەنگدان لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ، پێکهێنانی لیژنەی هەڵبژاردنی ئەندامان و گفتوگۆی گشتی.

فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، لە ڕایگەیاند، پەرلەمان سەنتەری بڕیارە سیاسییەکانە و پارێزگاریکردن لە پێگەی کورد تێیدا بایەخێکی زۆری هەیە.
ئاشکراشی کرد کە پێشنیازی کردووە سەرۆکایەتیی پەرلەمان تێڕوانینێکی تایبەتی بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەبێت و بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا هێڵە گشتییەکانی ئەو سیاسەتە دابنرێن.

جەختی لە پێویستی دەرکردنی یاسای "نەوت و گاز" کردەوە بۆ جێبەجێکردنی فیدراڵییەتی دارایی و وتی: "بەبێ جێبەجێکردنی دەستوور هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت." هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ لیژنەیەک بۆ چاودێریی دابەشکردنی لیژنە پەرلەمانییەکان پێکدەهێنرێت، کە بە شێوەیەکی کاتی کار دەکەن تا کاتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ.

فەرهاد ئەمین ئەترووشی لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران وەک جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا. ئەم خولەی پەرلەمان لە کاتێکدا دەستبەکار دەبێت کە عێراق لەبەردەم ئاڵەنگاریی گەورەی یاسایی و داراییدایە، بەتایبەت پرسی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە و نەوت، کە کورد چاوەڕوانە لە ڕێگەی یاسای نەوت و گازەوە یەکلا بکرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP