دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

لیندسی گراهام: ئەگەر خامنەیی بەردەوام بێت، ترەمپ فەرمانی کوشتنی دەردەکات

هەرێم نیوز

لیندسی گراهام، سیناتۆری ناسراوی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەر حکومەتی ئێران لە سەرکوتکردنی خوێناوی خۆپیشاندەران بەردەوام بێت، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کوشتنی عەلی خامنەیی دەردەکات.

گراهام لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، دۆناڵد ترەمپی وەک "گەورەترین سەرۆکی هەموو سەردەمەکان" ناوبرد و هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد.

ئەم سیناتۆرە ئەمریکییە ڕوو لە خۆپیشاندەرانی ئێران وتی: "ئێمە پشتگیریتان دەکەین، دۆناڵد ترەمپ وەک باراک ئۆباما نییە و ئەو بە کردەیی هاوکارتان دەبێت بۆ گۆڕانکاری".

گراهام پەیامێکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کرد و وتی: "دەبێت بزانیت ئەگەر بەردەوام بیت لە کوشتنی گەلەکەت، دۆناڵد ترەمپ تۆ دەکوژێت".

ئەو جەختی لەوە کردەوە کە گۆڕانکاری لە ئێران زۆر نزیکە و ڕزگاربوون لەم ڕژێمەی بە گەورەترین گۆڕانکاری لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەسف کرد.

گراهام ڕژێمی ئێرانی بە "نازی" ناوبرد و بەڵێنی بە خەڵکی ئێران دا کە هاوکارییەکان لە لایەن ئەمریکاوە لە ڕێگەدایە بۆ کۆتاییهێنان بەم بارودۆخە.

ئەم لێدوانە توندانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران گەیشتووەتە لوتکە و ترەمپ ستراتیژی "گوشاری زۆرینە"ی دژی ئێران پەیڕەو دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP