دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

باکرهان بۆ ئەنقەرە: سەیری چارەنووسی سەدام و ئەسەد بکەن؛ کورد سەر دانانەوێنێت

هەرێم نیوز

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە گوتارێکی جەماوەریدا لە شاری ئادانا، هێرشێکی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا بەرانبەر کورد لە سووریا و ڕایگەیاند، دژایەتیکردنی کورد "هەڵەیەکی مێژووییە".

باکرهان ڕەخنەی لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا گرت و وتی: "تورکیا سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی کورد بونیات ناوە. سەد ساڵە ئەمە تاقی دەکەنەوە و کەس تێیدا براوە نەبووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشکردنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، هەوڵێکە بۆ تێکدانی مۆدێلی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان.

هاوسەرۆکی دەم پارتی وەڵامی لێدوانەکانی یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیای دایەوە و وتی: "کاتێک ئیسرائیل ئاڵای لە قونەیترە چەقاند و جۆلانی داگیرکرد، وەزیرانی بەرگری و دەرەوە بێدەنگ بوون، ئایا تەنیا کاتێک پرسەکە کورد بێت دەکەونە ئامادەباشی؟"

باکرهان هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی تورکیا و وتی: "ئەو عەقڵییەتەی دەیەوێت بە تانک و تۆپ حەلەب کۆنترۆڵ بکات، با سەیری چارەنووسی سەدام و ئەسەد بکات. ئەگەر سەرکوتکردن چارەسەر بووایە، ئەوان چارەسەریان دەکرد." جەختیشی کردەوە کە کورد وەک چۆن لە کۆبانێ داعشی تێکشکاند، لە حەلەبیش بەرگری دەکات و سەر دانانەوێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP