دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنجوومەنی وەزیران داوای خەرجکردنی مووچە دواکەوتووەکانی هەرێم لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات

هەرێم نیوز

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی ساڵی نوێی ئەنجام دا و ڕایدەگەیەنێت، بەپێی ئەنجامی سەرژمێری دەبێت پشکی هەرێم لە بودجە بکرێتە 14% و داوای خەرجکردنی مووچە فەوتاوەکانیش دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی 1ی 2026، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی دارایی و ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی 2026 کرا.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە بۆ ساڵی دارایی داهاتوو، دەبێت لە یاسای بودجەی فیدراڵدا بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێژەی 14% دیاری بکرێت، چونکە بەپێی دوایین سەرژمێریی عێراق دەرکەوتووە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم زیاترە لەو ڕێژەیە.

لەبارەی مووچەشەوە حکوومەتی هەرێم دووپاتی کردەوە کە پێویستە بەغدا مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی ساڵی 2025 و مووچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات، چونکە هەرێم پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە و ڕۆژانە 220 هەزار بەرمیل نەوتی ڕادەستی سۆمۆ کردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەش خرایە ڕوو کە سەرەڕای ئەوەی داهاتی نەوتی هەرێم و بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکان ڕەوانەی بەغدا کراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی لە تەرخانکراوەکانی هەرێم بۆ "خەرجیی بەکاربردن و وەبەرهێنان" خەرج نەکردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP