هەرێم نیوز
پرسیاری ئەوەی بۆچی ئەمریکا یان هێزە نێودەوڵەتییەکان هەوڵی ڕووخانی یەکجاری ڕژێمی ئێران نادەن، پرسێکی ئاڵۆزی جیۆپۆلیتیکییە و بەشێکى زۆر لە شرۆڤەکارانى سەرقاڵکردووە، لەم بوارەدا چەندین هۆکاری ستراتیژی، سەربازی و ئابووری هەن کە وایکردووە "گۆڕینی ڕژێم" نەبێتە بژاردەی یەکەمی ئەمریکا، سەرەڕای ئەوەى چەندین بەڵگەى گەورەو حاشا هەڵنەگریی لەبەردەستدایە لێرەدا گرنگترین هۆکارەکان دەخەینە ڕوو:
یەکەم: مەترسییەکانی دوای ڕووخانى کۆماریی ئیسلامی ئێران و دروستبوونى (بۆشایی دەسەڵات) یەکێکە لە رێگرییە سەرەکییەکان، ئەمریکا ئەزموونی تاڵی لە عێراق و ئەفغانستان و لیبیا لەو بارەیەوە هەیە. ترسی گەورەی واشنتن ئەوەیە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران بڕوخێت، ئەو وڵاتە تووشی شەڕی ناوخۆیی یان پەرتەوازەیی ببێت. ئەمەش دەبێتە هۆی:
- دروستبوونی گرووپی توندڕەوی نوێ کە چەندین گروپى ئامادە هەن لەو وڵاتەدا و لەماوەى چل و ئەوەندە ساڵی رابردوودا گەرایان داناوە.
- شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ سەرهەڵدەدات و ئەوەش دەبێتە تەنگەژەیەکی دیکەى جیهانى و پێدەچێت لە ئیستادا جیهان بەرگەى ئەو جۆرە پێشهاتە نەگرێت.
- تێکچوونی سەقامگیریی ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی و دواجار لەبەرژەوەندیی رۆژئاواییەکان نەشکێتەوە.
دووەم: دابینکردنی هێزی سەربازی و تێچووی زۆرى بۆ گۆڕانکاریی، بە گوێرەى هەموو شرۆڤەکان ، ئێران عێراقی سەردەمی سەدام حسێن نییە کە سوپاکەى پشتیوانى جدی لێنەکات، ئەوەى زانراوە تا ئێستا رێژەیەکی زۆر لە هێزە سەربازییەکانى ئێران هێشتا نەگەشتوونەتە ئەو بڕوایەى کە پشتى وڵاتەکەیان بەربدەن. جگە لەوەش جوگرافیای ئێران (چیاکان) و هێزی سەربازیی وەک "سوپای پاسداران" و "بەسیج" وایکردووە هەر هێرشێکی زەمینی تێچوویەکی مرۆیی و دارایی خەیاڵیی هەبێت کە گەلی ئەمریکا و کۆنگرێس ئامادە نین بیدەن و لە تواناى شەخسی دۆناڵد ترەمپیشدا نییە وڵاتانى هاوپەیمان قەناعەت پێبکات و بچنە ژێرباری ئەو خەرجیی و مەترسییە زۆرە.
سێیەم: ستراتیژیی "پەلەپیتکە" (Proxy War)
ئێران خاوەنی چەندین گرووپی چەکدارە لە ناوچەکەدا و تاڕادەیەکی زۆر بەرگریی لێدەکەن، سەرەڕای ئوەى بەشێک لەو گروپانە لەناوبراون بەڵام بەشێکی زۆریان هێشتا کاریگەریی گەورەیان هەیە لەوانەش (حزبوڵا لە لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن، گرووپە شیعەکانی عێراق). ئەمریکا دەزانێت لەکاتی هەر هەوڵێک بۆ ڕووخانی ئێران، ئەم گروپانە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی (بەتایبەت ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو) دەکەنە ئامانج و ناوچەکە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی جەنگێکی گشتگیر.
چوارەم: نەبوونی بەدیلێکی ئامادەو جێگە پەسەندی ئەمریکا و رۆژئاوا
یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی ئێران (وەک پاشایەتیخوازەکان یان موجاهیدینی خەلق و کوردەکان) یەکدەنگ نین و بنکەیەکی جەماوەریی بەهێزیان لە ناوخۆدا نییە کە بتوانن دەستبەجێ دەسەڵات بگرنە دەست و وڵات بەڕێوە ببەن.، سەرەڕای ئەوەى بەشى خۆیان لایەنگریان هەیە ، بەڵام لە رووى جەماوەریی و دبلۆماسیی و هەواڵگریی هێشتا نەبوونەتە ئەو بەدیلە گەورەیەى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى چش بکەن لە کۆمەڵە شتێک و ئەو ڕیسکە بکەن.
پێنجەم: هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا
هەندێک لە شیکەرەوە سیاسییەکان پێیان وایە کە بوونی "دوژمنێکی هاوبەش" وەک ئێران، وا دەکات وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل زیاتر لە ئەمریکا نزیک ببنەوە و گرێبەستی چەک و هاوپەیمانیی سەربازی واژۆ بکەن. بەمەش ئەمریکا پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا دەپارێزێت، بەگوێرەى سەرچاوە رۆژئاواییەکان لە ئیستادا وڵاتانى کەنداو بەتایبەتى سعودییە چەکێکیى زۆریان لە ئەمریکاو رۆژئاواییەکان کڕیوە و بەهۆی ئێرانەوە بازاڕێکی زۆر باشى چەک و چۆڵیان بۆ کراوەتەوە.
شەشەم: هۆکارە ئابوورییەکان
ئێران لەسەر تەنگی هورمز نیشتەجێیە، کە گرنگترین ڕێڕەوی گواستنەوەی نەوتی جیهانە، هەر جەنگێکی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی داخرانی ئەم تەنگەیە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئاستێکی پێوانەیی، کە ئەمەش گورزێکی کوشندە لە ئابووری جیهان دەوەشێنێت و مەترسیش لەسەر سەرچاوە گەورەکەى ئابووری جیهان دروست دەبێت.
کورتەی قسە: ئەمریکا لە جیاتی "ڕووخاندن"، ستراتیژی "لاوازکردن و گەمارۆدان" پەیڕەو دەکات. واتە هێشتنەوەی ئێران بە لاوازی تا نەتوانێت ببێتە مەترسییەکی گەورە، بەڵام بێ ئەوەی وڵاتەکە بەتەواوی دابڕوخێت و کارەساتێکی مرۆیی و سیاسی گەورەتر دروست ببێت.