دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

800 چەکداری عێراقی بۆ پاراستنی ڕژێم گەیشتوونەتە ناوخۆی ئێران

هەرێم نیوز

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی "ئێران ئینتەرناشناڵ"، میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان کردووە بە ڕەوانەکردنی هێز بۆ ناوخۆی ئێران بە مەبەستی هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە سەراسەرییەکانی ئەو وڵاتە.

ئامارە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ئێستا نزیکەی 800 چەکداری میلیشیا شیعەکانی عێراق گەیشتوونەتە ناو خاکی ئێران.

ئەم پرۆسەی کۆکردنەوە و ناردنی هێزە چوار ڕۆژ لەمەوبەر دەستیپێکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ناڕەزایەتییەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێران پەرەیان سەند و هێزە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بوونەتەوە.

ئەم پرۆسەیە لە ژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدا ئەنجامدراوە و چەکدارەکان بە پاسی نەفەرهەڵگری مەدەنی لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان و خوزستانەوە گەیەندراونەتە ناو خاکی ئێران.

ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، بەکارهێنانی ئەو هێزانەیە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەو شارانەی کە هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان توانای کۆنترۆڵکردنیان نەماوە.

هۆکاری پەنابردنی تاران بۆ ئەم هێزانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە چەکدارە بیانییەکان هیچ پەیوەندییەکی سۆزداری و نەتەوەییان لەگەڵ خەڵکی ئێران نییە.
ئەمەش وادەکات ئەو چەکدارانە بەبێ دوودڵی و بە توندترین شێوە پەلاماری خۆپیشاندەرانی مەدەنی لە ناو شەقامەکاندا بدەن.

سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم چەکدارانە لە هێزەکانی "کەتائیبی حزبوڵا" و "نوجەبا" و بەشێک لە "حەشدی شەعبی" پێکدێن.

ئەمە یەکەمجار نییە کە حکومەتی ئێران پەنا بۆ هێزە بریکارەکانی لە ناوچەکە دەبات بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان

لە ساڵانی ڕابردووشدا ڕاپۆرتی هاوشێوە دەربارەی بەشداریی چەکدارانی حزبوڵای لوبنانی و حەشدی شەعبی لە تاران و مەشهەد و شارەکانی تری ئێران بڵاوکرابوونەوە، کە بە یۆنیفۆرمی تایبەت و دەموچاوی داپۆشراوەوە لە ناو شەقامەکاندا بینرابوون.

چاودێران پێیان وایە بەکارهێنانی هێزی بیانی نیشانەی تێکچوونی باری دەروونیی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆی ئێران و ترسی ڕژێمە لە ئەگەری یاخیبوونی بەشێک لە سەرباز و ئەفسەرە ئێرانییەکان لە بەرامبەر کوشتنی هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان لە بەرزبوونەوەدایە و فشاری نێودەوڵەتیش بۆ سەر تاران توندتر بووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP