دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

پسپۆڕێکی سەربازی: دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ڤەنزوێلا ئامادەکارییە بۆ لێدانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی

هەرێم نیوز

ئەحمەد شەریفی، پسپۆڕی دیاری بواری ئەمنی و سەربازیی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند کە دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ لەلایەن ئەمریکاوە تەنها پرسێکی سیاسی نییە، بەڵکو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ستراتیژیی وزەوە هەیە.

شەریفی ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتۆن بە کۆنترۆڵکردنی نەوتی ڤەنزوێلا کە گەورەترین یەدەگی جیهانە، خۆی ئامادە دەکات بۆ قۆناغی دوای داخستنی گەرووی هورمز لە ئەگەر هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران.

ئەم پسپۆڕە سەربازییە باسی لەوەش کرد کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و چۆڵکردنی بنکەی "عەین ئەسەد" ئاماژەیەکی مەترسیدارە، چونکە ئەمە وا دەکات ئاسمانی عێراق بە تەواوی بۆ ئیسرائیل واڵا بێت تا هێرش بکاتە سەر ئێران و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە.

بە وتەی شەریفی، ئەمریکا بەم کارەی خۆی لە شەرمەزاری دەپارێزێت و کەشەکە بۆ ئیسرائیل کراوە دەهێڵێتەوە تا بەبێ بەربەست هێرشە ئاسمانییەکانی ئەنجام بدات.

هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانە، دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەگەر هێزە ئەمنییەکانی ئێران تەقە لە خۆپێشاندەرانی وڵاتەکەیان بکەن، ئەوا ئەمریکا بە تەواوی ئامادەیە بۆ دەستوەردانی سەربازی و هاوکاریکردنی خۆپێشاندەران، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوخۆی ئێران بەدەست قەیرانێکی خنکێنەری ئابووری و دابەزینی بەهای تمەنەوە دەناڵێنێت.

لە لایەکی ترەوە، دۆخی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەرەو دابەشبوون دەچێت، هەرچەندە لایەنەکانی وەک عەسائیب و کەتائیبی ئیمام عەلی ڕەزامەندییان نیشانداوە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت، بەڵام کەتائیبی حزبوڵڵا و نوجەبا هێشتا دژایەتی ئەو بڕیارە دەکەن.

شەریفی هۆشداری دەدات کە ئەم دۆخە عێراق دەکاتە مەیدانی سەرەکی بۆ هەر پێکدادانێکی سەربازیی چاوەڕوانکراو لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP