دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

هەسەدە: بەنداوی تشرین و دێرحافیر ڕووبەڕووی هێرشی چڕ بوونەتەوە

هەرێم نیوز

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ناوچەکانی دێرحافیر، مەسکەنە و بەنداوی تشرین هەڵکشانی سەربازیی بەردەوامیان بەخۆوە بینیوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە پشتیوانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێرشەکانیان چڕکردووەتەوە.

لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا، بەنداوی تشرین و دەوروبەری زیاتر لە ١٢ جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، تۆپخانە و هاوەن کراونەتە ئامانج، بەتایبەت گوندەکانی ئەلمەحشیە، شێخ حەسەن و قشلە.

هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێرشەکان ژێرخانی خزمەتگوزاریی شارۆچکەی دێرحافریان کردووەتە ئامانج، لەوانە پۆستەخانە و نانەواخانەی شارۆچکەکە کە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی خۆکوژەوە پەکخراوە.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هێزەکانی هەسەدە هەوڵێکی دزەکردنی گروپەکانی دیمەشقیان لە گوندی زوبەیدە تێکشکاندووە و هێرشبەرەکان ناچار بە پاشەکشە کراون.

هاوکات، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی "بایراکتار"ی تورکیا چالاک بوون و پێگەیەکی سەربازیی هەسەدەیان لە مەسکەنە و پێگەیەکی دیکەیان لە گوندی ئەلبوعاسی لە گوندەواری تەبقە بۆردومان کردووە، بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە جەختی کردووەتەوە کە خێرایی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ناوچەکە ڕووی لە زیادبوون کردووە و ئەمە چوارەمین جارە شاری مەسکەنە لە سەرەتای ئەم ئاڵۆزییانەوە دەکرێتە ئامانج.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP