دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

تاران لە نێوان چەک و دیپلۆماسیدا؛ وتەبێژی حکومەتی ئێران پەیامێکی نوێی ئاراستەی ئەمریکا کرد

هەرێم نیوز

فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی حکومەتی ئێران، لە نوێترین دەرکەوتنیدا ستراتیژی وڵاتەکەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا و گرژییەکانی ناوچەکە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، تاران بۆ هەموو سیناریۆیەکی سەربازی و سیاسی ئامادەیە.

موهاجرانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکومەتی ئێران بە شێوازێکی "لێهاتووانە" مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان دەکات. وتیشی: "ئێمە پارێزگاری لە بەرزترین ئاستی ئامادەیی سەربازی دەکەین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان، بەڵام لە هەمان کاتدا هەموو بژاردەکان بە کراوەیی دەهێڵینەوە."

وتەبێژی حکومەتی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای هەڕەشە و گرژییەکان، هێشتا دیپلۆماسی وەک "بژاردەی سەرەکی" تاران دەمێنێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران دەیەوێت لە ڕێگەی کەناڵە سیاسییەکانەوە ناکۆکییەکان چارەسەر بکات، بەڵام ئەمە بە واتای پاشەکشە لە توانا بەرگرییەکانیان نایەت.

ئەم لێدوانانەی تاران لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. چاودێران پێیان وایە ئەم زمانە نوێیەی حکومەتی ئێران، کە هەم باسی "ئامادەیی سەربازی" و هەم "دەرگای کراوەی دیپلۆماسی" دەکات، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی خاڵێکی هاوبەش لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ پێش ئەوەی گرژییەکان بگەنە ئاستی پێکدادانی ڕاستەوخۆ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP