دواین هەواڵ

جیهان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا پشتیوانی لە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا دەکات

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکی فەرمیدا، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ڕێککەوتننامەی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە بناغەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە.

ئەمڕۆ هەینی (٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا دووپاتی کردەوە کە واشنتن پابەندە بە سەرخستنی پڕۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە. جەختیشی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە کارکردنی نزیک لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ ئاسانکاری لە پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان بە شێوەیەکی خێرا و بێ کێشە.

واشنتن ئەم ڕێککەوتنە وەک هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی یەکپارچەیی، سەروەری و سەقامگیریی سووریا دەبینێت و پێی وایە ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندیی هەموو گەلی سووریادایە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمریکا بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانی، ئامادەیە بۆ دەستەبەرکردنی گواستنەوەیەکی ئاشتییانە و کاریگەر بە ئامانجی چەسپاندنی خۆشگوزەرانی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، واشنتن گەشبینی خۆی بۆ داهاتوویەکی گەشتر بۆ سووریا و تەواوی ناوچەکە نیشان داوە و ئەم ڕێککەوتنەی وەک بناغەیەکی سەرەکی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و قەیرانەکان وەسف کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP