هەرێم نیوز
تۆم باراک نێردەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەڵێت، "وەرچەرخانێکی مێژوویی و قووڵ و ئەم هەنگاوە گەشتی سووریا بەرەو ئاشتەوایی نیشتمانی و یەکڕیزی خێرا دەکات".
نێردەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد ئەم ڕێککەوتنە بەرهەمی دانوستانی ورد و هەوڵێکی بەردەوامە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و لە چوارچێوەیەکدایە کە جەخت لە پابەندی هاوبەش بە گشتگیری و ڕێزگرتنی یەکتری لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریادا دەکاتەوە.
دەڵێت بەپێی دەقی ڕێککەوتنەکە پێکهاتە سەربازی و ئەمنی و کارگێڕییەکانی سەر بە هەسەدە بە شێوەیەکی پلەبەندی دەخرێنە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و دەرفەت دەدرێتە نوێنەرەکانیان بۆ بەشداری لە پێگەی سەرکردایەتیدا کە ئەمەش گوزارشت لە شەراکەتی نیشتمانی و حوکمڕانییەکی گشتگیر بۆ چەسپاندنی سەروەری دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکەکەیدا دەکات.
ڕاشیگەیاندووە ئەم ڕێککەوتنە گرنگییەکی تایبەتی بۆ گەلی کورد هەیە چونکە مەرسومی سەرۆکایەتی ژمارە 13 جێبەجێ دەکرێت کە ڕەگەزنامەی سوری بۆ ئەو کەسانە دەگەڕێنێتەوە پێشتر لێیان زەوت کرابوو و هاوکات زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە پاڵ زمانی عەرەبیدا دەناسێنرێت.
باسی لەوەش کردووە ئەم هەنگاوە نوێیە گەرەنتی پاراستنی یاسایی دژی جیاکاری لەخۆدەگرێت و ئامانجی چارەسەرکردنی ستەمە مێژووییەکان و بەهێزکردنی بنەماکانی یەکسانی و هەستی نیشتمانییە لە نێوان تەواوی پێکهاتە جیاوازەکانی سوریادا.