دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

چەندان ئەندامی کۆنگرێس دژی باراکن و پشتیوانی کورد دەکەن

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لەگەڵ تۆم باراک هاوڕا نین سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا و پشتگیری خۆیان بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل دەربڕیوە.

ڕۆژنامەکە ڕوونی کردووەتەوە کە هێرشەکان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوونەتە هۆی "مشتومڕی توند" لە واشنتن، ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆشکی سپی فشار دەخاتە سەر (شەرع) بۆ جێبەجێکردنی بڕیارگەلێک کە مافەکانی کورد لەبەرچاو بگرێت.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرکردایەتی یەکینەکانی پاراستنی گەل کە ڕێکخراوی "داعش"یان تێکشکاند، "ئاسایشێکی گەورەیان لە ناوچەکەدا" دامەزراندووە.

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە بوونی بۆچوونی جیاواز لە نێوان نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا تۆم باراک و ئەندامانی کۆنگرێس کردووە، بە جۆرێک باراک دەڵێت  کە هەڵوێستی (شەرع) بەرامبەر سووریا بژاردەی "باشترین و پارێزراوترینە".

بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە کە " ترەمپ بە ڕوونی جەختی لە (شەرع) کردووەتەوە کە دەبێت ڕێز لە مافی هەموو کەمینەکان لە سووریا بگیرێت و بپارێزرێن".

باراک ڕوونی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی واشنتن هەماهەنگیکردنی هەوڵەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی "پاشماوەکانی داعش" و زامنکردنی مافەکانی کورد، بەڵام ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم نێزیکبوونەوەیە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە و پشتگیریکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل بە فەرمی پابەندبوونی پێوە نەکراوە، ئەمەش مەوداکە بۆ گفتوگۆ بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.

ڕۆژنامەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کاتی هێرشەکانی دەستەی تەحریری شام بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەدان ئەندامی ڕێکخراوی داعش لە زیندانەکان هەڵاتوون، ئەمەش هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە پێکدەهێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP