هەرێم نیوز
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، ڕووسیا ئاشکرای کرد کە ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ دەرهێنانی کارمەندەکانی لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر.
ئاژانسی هەواڵی "تاس" لە زاری ئەلێکسی لیخاچۆڤ، سەرۆکی کۆمپانیای وزەی ئەتۆمی ڕووسیاوە بڵاویکردەوە کە مۆسکۆ بەردەوام چاودێری دۆخی ئەمنیی وێستگەکە دەکات.
لیخاچۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕووسیا هیوادارە لایەنە ناکۆکەکان پابەندبن بە پاراستنی سەلامەتی وێستگەی بوشەهر، بەڵام جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری، هەموو سیناریۆیەکی ئەگەریی لەوانە چۆڵکردنی کارمەندەکانی تاوتوێ کردووە.
ئەم هەنگاوەی مۆسکۆ لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو ڤلادیمیر پوتین ڕایگەیاندبوو سەدان هاووڵاتی ڕووسی لە وێستگەی بوشەهر کار دەکەن.
بوشەهر تەنها وێستگەی ئەتۆمی چالاکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە بە هاوکاری ڕووسیا دروست کراوە و لە ئێستاشدا چەندین پڕۆژەی نوێی پەرەپێدان لە هەمان شوێندا لەژێر جێبەجێکردندان.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم لێدوانانەی مۆسکۆ ئاماژەیەکە بۆ مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی کارمەندە ڕووسەکان دەریدەخات کە ئەگەری پێکدادانی سەربازی لە ناوچەکەدا چووەتە قۆناغێکی جدییەوە.