دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی: هەرێم نابێتە بەشێک لە ململانێ سەربازییەکان

هەرێم نیوز

لە پەیامێکدا بەبۆنەی 35 ساڵەی ڕاپەڕینەوە، جەخت لە بێلایەنیی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و داوای یەکڕیزی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئاداری 2026، لە پەیامێکی فەرمیدا بە شکۆوە یادی 35 ساڵەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991 کرایەوە.

لە پەیامەکەدا پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان، پێشمەرگە و تەواوی کوردستانییان کراوە بۆ ئەم وەرچەرخانە مێژووییە.

ئاماژە بەوە کراوە کە ڕاپەڕین وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی گەلی کوردستان بووە بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم و هەنگاونان بەرەو ئازادی.

پەیامەکە هۆشداریی دەدات کە ئەم یادە لە کاتێکدایە، ناوچەکە بە دۆخێکی زۆر ئاڵۆز و هەستیاری ئەمنیدا تێدەپەڕێت.

لە بەشێکی گرنگی پەیامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان فاکتەری ئارامی دەبێت و نابێتە بەشێک لە ململانێ سەربازییەکان.

هەروەها دووپات کراوەتەوە کە پاراستنی قەوارەی هەرێم و دەستکەوتەکان، تەنیا بە یەکڕیزی و بەرپرسیارێتیی هاوبەشی لایەنەکان دەبێت.

لە کۆتاییشدا داوا کراوە ئەم یادە بکرێتە هاندەرێک بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە هەرێمدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP