هەرێم نیوز
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتوندی ئەو ڕاپۆرتانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە ڕۆڵی هەرێم دەکەن لە پڕچەککردن و ناردنی پارتە کوردییەکان بۆ ئێران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئاداری 2026، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو ڕاپۆرتانەی گوایە هەرێم بەشێکە لە پیلانی پڕچەککردن و ناردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ناو ئێران، بەتەواوی ناڕاستن.
وتەبێژی حکومەت جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو جۆرە زانیارییانە بە مەبەست بڵاو دەکرێنەوە و لەلایەن هەرێمەوە بەتوندی ڕەت دەکرێنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەت و پارتە سیاسییەکانی هەرێم، بەشێک نین لە هیچ هەڵمەتێک بۆ فراوانکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.
لە بەشێکی دیکەدا، پێشەوا هەورامانی دووپاتی کردووەتەوە کە ئەوان داوای ئاشتی و سەقامگیری دەکەن و، هێرشە ترسنۆکانەکانی سەر هەرێم شەرمەزار دەکەن.
لە کۆتاییشدا داوای لە حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، کە بەپەلە پەلامارەکانی سەر هەرێم ڕابگرن و خاک و خەڵکەکەی بپارێزن.