دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق: ئیدانەی هێرشکردنە سەر شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین

هەرێم نیوز

سەرۆکایەتییەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکی لوتکەیان ئەنجام دا و جەختیان لە ڕێگریکردن لە پەلکێشبوونی وڵات بۆ ناو ململانێ دەرەکییەکان کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئاداری 2026، سەرۆکایەتییەکانی عێراق لە کۆشکی بەغدا کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەسەر دۆخی ناوچەکە ئەنجام دا.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە و لێکەوتە مەترسیدارەکانیان لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق تاوتوێ کران.

سەرۆکایەتییەکان هەڵوێستی عێراقیان دووپات کردەوە کە ڕێگە نادەن خاکەکەیان ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.

هەروەها بەتوندی ڕەتیان کردەوە کە پەلامار بکرێتە سەر شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و بە پێشێلکاریی سەروەریی نیشتمانییان دانا.

لەلایەکی دیکەوە داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەپەلە بێنە سەر هێڵ بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی شەڕ لە ناوچەکەدا.

لە کۆتاییشدا بڕیار درا ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە لە سۆشیال میدیا دەنگۆ و پڕوپاگەندە بڵاو دەکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP