دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

سودانی لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ پزیشکیان سەرەخۆشیی کوژرانی خامنەیی دەکات

هەرێم نیوز

محەممەد شیاع سودانی لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، وێڕای سەرەخۆشیکردن بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، سەرکۆنەی ئەو جەنگە دەکات کە کراوەتە سەر ئێران و جەختیش دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن خاکی عێراق بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ئەو وڵاتە بەکاربهێنرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی 3ـی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە کە محەممەد شیاع سودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەنجامداوە و بە ناوی حکومەت و گەلی عێراقەوە سەرەخۆشیی گەلی ئێرانی کردووە بەبۆنەی شەهیدبوونی ڕێبەری باڵا سەید ئایەتوڵڵا خامنەیی، هاوکات هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکانی هێرشەکان خواستووە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو جەنگە ستەمکارانەی کردووە کە ئێرانی کردووەتە ئامانج و ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشان داوە بۆ هەر هەوڵێک لەپێناو کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەڕانەوە بۆ لۆژیکی دیالۆگ، چونکە بەکارهێنانی زمانی هێز وەک چارەسەر هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دروست دەکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سودانی جەختی لە سووربوونی عێراق کردووەتەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەریی ئێران، بە جۆرێک کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێت خاکی عێراق وەک پێگەیەک بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی دەستدرێژی و هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو هێرشانەی ڕاستەوخۆ خاکی عێراق دەکەنە ئامانج، پێشێلکردنێکی زەقی سەروەری و ئاسایشی وڵاتن و کارێکی تەواو قبووڵنەکراون، لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە دەستدرێژییانە تەواوی ئەو هەوڵانە لەناو دەبەن کە عێراق لەپێناو کۆتاییهێنان بە جەنگەکە و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ دەیاندات.

لە بەرامبەریشدا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سوپاسی هەڵوێستی فەرمیی عێراقی کردووە بۆ ڕەتکردنەوەی لۆژیکی بەکارهێنانی هێز لە چارەسەرکردنی ململانێکاندا، هاوکات ستایشی هەوڵەکانی بەغدای کردووە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و جەختیشی لەسەر سووربوونی وڵاتەکەی کردووەتەوە لەسەر پاراستنی سەروەریی عێراق و سەلامەتیی خاکەکەی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP