دواین هەواڵ

جیهان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

نەتانیاهۆ: لەگەڵ ترەمپ هاوڕاین کە دەرفەتی ڕێککەوتنێکی مێژوویی لە ئارادایە

هەرێم نیوز

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە لێدوانێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ "هاوڕێی دێرینی" دۆناڵد ترەمپ ئەنجامداوە. نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوولا هاوڕان لەسەر ئەوەی ئێستا دەرفەتێکی زێڕین هەیە بۆ سوودوەرگرتن لەو دەستکەوتە سەربازییە گەورانەی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا بەدەستیان هێناوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە ئامانجیان گەیشتنە بە ڕێککەوتنێک کە "بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئیسرائیل" بپارێزێت، بەڵام هاوکات هۆشداری دا کە هێرشە سیستماتیکییەکانیان بۆ سەر ئێران و لوبنان بەردەوام دەبێت. نەتانیاهۆ وتی: "ئێمە سەرقاڵی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکانیانین و بە توندی لە حزبوڵا دەدەین."

هەروەها نەتانیاهۆ ئاشکرای کرد کە تەنها چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دوو زانای ئەتۆمیی دیکەی ئێرانییان لەناو بردووە و سوپاکەیان ماندوونەناسانە کار دەکات بۆ بێهێزکردنی تواناکانی تاران. ئەو دووپاتی کردەوە کە هەر ڕێککەوتنێک بێتە ئاراوە، دەبێت گرەنتی ئاسایشی تەواوەتی ئیسرائیل بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP