هەرێم نیوز
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، هۆشداری دەدات لەوەی ململانێی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران دەرەنجامی قورسی لێ دەکەوێتەوە و کاریگەریی ئەم جەنگە لەسەر ئابووریی جیهان، هاوتای زیانەکانی پەتای "کۆڤید-١٩" دەبێت.
پوتین لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرکردە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی لە مۆسکۆ ڕایگەیاند، ئەم جەنگە زیانی کوشندەی بە گواستنەوەی لۆجستی نێودەوڵەتی و زنجیرەکانی دابینکردن گەیاندووە، ئەمەش فشارێکی بێپێشینەی خستووەتە سەر کۆمپانیاکانی نەوت، گاز، کانزاکان.
سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوە کرد کە تەنانەت ئەو لایەنانەی ڕاستەوخۆ تێوەگلاون لەم جەنگەدا، ناتوانن بە وردی پێشبینی دەرەنجامەکان بکەن، بەڵام هەندێک خەمڵاندن هەن کە دەڵێن جیهان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پەککەوتنی گەشەی ئابووری هاوشێوەی سەردەمی کۆرۆنا.
پوتین وەبیرهێنایەوە کە پەتای کۆرۆنا چۆن بووە هۆی سستبوونی گەشە لە هەموو کیشوەرەکاندا؛ ئێستاش جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران بازاڕەکانی وزە و ماددە خاوەکان تووشی شۆکی گەورە دەکات و جیهان بەرەو هەمان چارەنووس دەبات.