دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

راپەرێکی ناسراو بووە سەرۆکوەزیرانی نیپاڵ و بەرپرسانی پێشووی رەوانەی دادگا کرد

هەرێم نیوز

بالێندرا شاه، ناسراو بە "بالین" کە گۆرانیبێژێکی راپە، وەک گەنجترین سەرۆکوەزیران لە مێژووی نیپاڵدا سوێندی یاسایی خوارد و لە یەکەم هەنگاویدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکوەزیرانی پێشوو و وەزیری ناوخۆ دەرکرد.

ئەمڕۆ شەممە 28ی 3ی 2026، بالێندرا شاه تەمەن 35 ساڵ، دوای سەرکەوتنی گەورەی پارتەکەی (RSP) لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی 5ی ئەم مانگەدا، بە فەرمی دەستبەکاربوو. ئەم راپەرە کە نوێنەرایەتی "نەوەی زێد" دەکات، توانی لە کۆی 265 کورسی پەرلەمان 182 کورسی بباتەوە و کۆتایی بە هەژموونی پارتە کلاسیکییەکان بهێنێت.

بالێندرا شاه راستەوخۆ دوای سوێندخواردنی، کابینەیەکی حکومەتی لە 14 وەزیر پێکهێنا بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان. تێیدا سۆرانیم واگل وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی، و سودان گۆرنۆنگ وەک وەزیری ناوخۆ دەستنیشان کران. سەرۆکوەزیرانی نوێ پێش دەستبەکاربوونی، گۆرانییەکی راپی نوێی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەوازی بۆ یەکڕیزی نیشتمانی کرد کە لە ماوەیەکی کورتدا دەیان هەزار بینەری هەبوو.

لە یەکەم تاقیکردنەوەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیدا، حکومەتە نوێیەکەی "بالین" هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی بۆ بەرپرسانی پێشوو دەستپێکرد. ئەمڕۆ پۆلیسی نیپاڵ رایگەیاند کە (شارما ئولی) سەرۆکوەزیرانی پێشوو و (رامیش لیخاک) وەزیری ناوخۆی پێشوو دەستگیرکراون.

ئەم دەستگیرکردنانە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانە لە رووداوەکانی سێپتێمبەری 2025، کە تێیدا 76 گەنجی "نەوەی Z" لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە گەندەڵی کوژران. بڕیارە سبەینێ یەکشەممە هەردوو بەرپرسە باڵاکەی پێشوو لەبەردەم دادگا ئامادەبن بۆ لێپێچینەوە لەو توندوتیژییانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP