دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

جەی دی ڤانس: زۆربەی ئامانجە سەربازییەکانمان لە ئێران پێکاوە و بەم زووانە دەکشێینەوە

هەرێم نیوز

جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی زۆربەی ئامانجە سەربازییەکانی لەناو خاکی ئێراندا پێکاوە و بەم زووانە هێزەکانیان دەکشێننەوە.

ئەمڕۆ شەممە 28ی ئاداری 2026 جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا زانیاریی نوێی لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی خستە ڕوو و باسی لەوە کرد کە هێزەکانیان توانیویانە زۆربەی ئامانجە سەربازییەکان لەناو خاکی ئێراندا بپێکن و دەتوانرێت بگوترێت سەرجەم ئامانجەکانیان بەدی هاتوون.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆناڵد ترەمپ بۆ ماوەیەک لەسەر ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لە داهاتوودا ناچار نەبنەوە ئۆپەراسیۆنی هاوشێوە ئەنجام بدەنەوە.

هاوکات ڤانس هۆشداریی داوە کە ئێران بە هەموو شێوەیەک هەڕەشەیان لێ دەکات و هێشتاش لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدایە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم ئۆپەراسیۆنە بریتییە لە پەکخستنی تواناکانی ئێران بۆ ماوەیەکی زۆر.

سەبارەت بە لایەنی ئابووری و نرخی سووتەمەنیش ڕوونی کردووەتەوە کە نرخی بەنزین بەهۆی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرز بووەتەوە بەڵام بەم زووانە دادەبەزێت.

لە کۆتاییدا ڤانس ئاشکرای کردووە کە هەڵوێستی ترەمپ زۆر ڕوونە و نایەوێت بۆ ماوەی ساڵێک یان دوو ساڵ لەناو خاکی ئێراندا بمێنێتەوە بۆیە بەم زووانە ئەو وڵاتە جێدەهێڵن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP