هەرێم نیوز
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی، ڕایگەیاند کە لە سبەینێ پێنجشەممە ڕێکەوتی ۲ی ٤ی ٢٠٢٦، شەپۆلێکی بارانبارینی مامناوەندی خێرا و ماوەکورت ڕوو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە لە هەندێک کاتدا هەورەبرووسکە و تەرزەی لەگەڵدا دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکان، شەپۆلەکە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆی سبەینێ لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێم و پارێزگای دهۆک و زاخۆ و مووسڵ دەست پێ دەکات، پاشان لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەرییەکەی فراوانتر دەبێت و دەگاتە سنووری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری.
لە درەنگانی شەوی پێنجشەممەدا، بارانبارینەکە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک، سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان دەگرێتەوە، کە بڕی بارانبارین لە ناوچەکانی دهۆک، زاخۆ و هەولێر لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ ملم دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بارانی بەخوڕ هەیە.
بۆ ناوچەکانی کەرکووک، سلێمانی و هەڵەبجە، پێشبینی دەکرێت بارانەکە بە پلەی دوو بێت و لە نێوان نمەباران بۆ بارانی مامناوەنددا بێت، بەمەش کاریگەریی ئەم شەپۆلە خێرایە لەسەر تەواوی ناوچەکە کۆتایی دێت.