دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

شارەزایەکی کەشناسی: بەهێزترین شەپۆلی بارانی بەهارە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

 هەرێم نیوز

شارەزایەکی بواری کەشناسی هۆشداری دەدات کە هەرێمی کوردستان و عێراق لە چاوەڕوانی بەهێزترین شەپۆلی بارانبارینی وەرزی بەهاردان و پێویستە ئامادەکاری بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی 4ـی 2026، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، لە ئێوارەی ڕۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی زۆر بەهێزی باران و تەرزە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراقەوە دەست پێ دەکات و بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە دەگاتە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕۆژی شەممە چەقی بەهێزیی شەپۆلەکەیە و بارستەهەوری "زەبەلاح" بارانی بەلێزمە و هەورەبرووسکەی بەهێز لەگەڵ خۆیان دەهێنن.
ئەم شارەزایە ڕوونی کردووەتەوە کە لە ماوەی 72 کاتژمێردا بڕێکی بەرچاو باران دەبارێت و مەترسیی دروستبوونی لافاو لە زۆرێک لە ناوچە نزمەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەت لە ناوچەکانی باشووری هەرێم کە دەکەونە ژێر کاریگەریی شەپۆلەکانی دەریای سوور.

لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لە کاتی بارانە بەهێزەکاندا لە ڕەوڕەوەی چەم و ناوچە نزمەکان دوور بکەونەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP