دواین هەواڵ

عێراق‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

کاتژمێرە کۆتاییەکانی وادەی دەستووری؛ لایەنە شیعەکان لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتیی حکوومەت ڕێکنەکەوتن

هەرێم نیوز
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، کە چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیارێکی کتوپڕی داوە بە ڕاگرتنی سەرجەم کۆبوونەوە فەرمییەکانی هاوپەیمانێتییەکە، ئەمەش دوای شکستهێنانی لایەنەکان لە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی 4ـی 2026، سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد، کە بڕیار بوو ئێوارەی ئەمشەو کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی قووڵیی جیاوازییەکان، کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە. 

وتەبێژ، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تا ئەو کاتەی لایەنەکان دەگەنە ڕێککەوتن، تەنها گفتوگۆی تاکەکەسی و نافەرمی لە نێوان سەرکردەکاندا دەمێنێتەوە.

ئەم بڕیارەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، چونکە ئەمشەو دوا وادەی دەستوورییە بۆ پێشکەشکردنی کاندیدی سەرۆکایەتیی حکوومەت.
 تێپەڕبوونی ئەم وادەیە بەبێ گەیشتن بە ئەنجام، عێراق دەخاتە ناو قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزیی یاسایی و سیاسییەوە، کە سەرەڕای کۆبوونەوە چڕەکانی چەند هەفتەی ڕابردوو، هێشتا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە میکانیزمێکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی کاندیدی داهاتوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP