دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری بازرگانیی عێراق: چەند ڕۆژی داهاتوودا کێشەی (ئەسیکۆدا) چارەسەر دەکرێت

هەرێم نیوز

وەزیری بازرگانیی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە لیژنەیەکی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سیستەمی ئەلیکترۆنیی گومرگی ناسراو بە (ئەسیکۆدا) پێکهێنراوە، هاوکات جەختیش لە بوونی هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی 4ـی 2026، ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە لیژنەیەکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی (ئەسیکۆدا) پێکهێناوە و بڕیارە لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا تەواوی کێشەکانی ئەو سیستەمە چارەسەر بکرێن.

وەزیری بازرگانیی عێراق لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو، کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە و یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان، هەماهەنگیی بەردەوام و تەواویان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

جێگەی باسە، سیستەمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) سیستمێکی ئەلیکترۆنیی جیهانییە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری گومرگی، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەرەی پێ دراوە. ئامانج لەم سیستەمە مۆدێرنکردن و خێراکردنی پرۆسەی بازرگانی، کەمکردنەوەی گەندەڵی و زیادکردنی داهاتی دەوڵەتە لە ڕێگەی ئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکانەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لە عێراق، بەتایبەتی لە خاڵە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق، بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشە بۆ بازرگانان.

یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکان ئەوە بوو، کە ئەو کاڵایانەی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکران، جارێکی دیکە لە بازگەکانی عێراق باجیان لێ وەردەگیرا، ئەمەش ببووە هۆی دروستبوونی دیاردەی "دوو باجی" و گرانبوونی نرخی کاڵاکان لەسەر شانی هاووڵاتییان.

حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا پێداگری دەکات لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ ڕێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج و زیادکردنی داهاتی گشتی.

لە بەرامبەریشدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرباری جەختکردنەوە لە مافە دەستوورییەکانی بۆ بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان، ڕەزامەندیی نیشان داوە بۆ جێبەجێکردنی سیستەمەکە بەو مەرجەی لە ڕێگەی دامەزراوەکانی هەرێمەوە بێت، بۆ ئەو مەبەستەش تاوەکوو ئێستا چەندین کۆبوونەوەی هونەری لە نێوان شاندی هەردوو لا بەڕێوە چوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP