دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

... چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی بۆ ڕۆژی هەینی دواخست

هەرێم نیوز

سەرچاوەیەکی باڵا لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایدەگەیەنێت، کە کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی لایەنەکانیان بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە بڕیارە ڕۆژی هەینی ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی 4ـی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرچاوە میدیاییەکانی ناوخۆی ڕاگەیاند، کە دواخستنی کۆبوونەوەکەی شەوی ڕابردوو لەسەر داوای هەر سێ سەرکردە (نووری مالکی، هومام حەموودی و موحسین مەندەلاوی) بووە، ئەوەش بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش و گشتگیر لە نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەکەدا.

سەبارەت بە کاندیدە دیارەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "بە دڵنیاییەوە نووری مالکی لە کاندیدبوونی بۆ ئەو پۆستە دەکشێتەوە، هاوکات محەممەد شیاع سوودانی-یش چانسێکی لاوازی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە کاندیدی داهاتوو."

ئەو سەرچاوە باڵایە پێشبینی ئەوەشی کردووە، کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینیدا لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن و کەسایەتییەکی دیکە (جگە لەوانەی ناویان هاتووە) وەک کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بناسێنرێت.

ئەم جموجۆڵە سیاسییانە لە کاتێکدان، کە لایەنەکان تەنیا تاوەکوو ڕێکەوتی 26ـی 4ـی 2026ـیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پرسی کاندیدی سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بەتەواوی یەکلا بکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP