هەرێم نیوز
وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە سەرجەم ڕێکارەکانی تایبەت بە پێداچوونەوەی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجی تەواو کراون، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە هیچ کێشەیەک لەبەردەم ناردنی مووچەی مانگی چواردا نەماوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی 4ـی 2026، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە ئەمڕۆ سەرجەم ئەو ڕێکارانەی پەیوەست بوون بە ئامادەکردن و پێداچوونەوەی لیستی مووچە، لەگەڵ وردبینی لە تەرازووی پێداچوونەوەی (داهات و خەرجی) بەتەواوی کۆتاییان هاتووە.
وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی لێدوانەکەیدا جەختی لەوەش کردەوە، کە لە ئێستادا "هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لەبەردەم ناردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا نییە."
بە وتەی پێشەوا هەورامانی، دوای تەواوبوونی ئەم ڕێکارانە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، چاوەڕوان دەکرێت حکوومەتی فیدراڵیی عێراق پاش خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی، ڕاستەوخۆ مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە بکات.