دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا 10 ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە ئەو کەسەی زانیاری لەسەر حەیدەر غەراوی بدات

هەرێم نیوز 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە هەر کەسێک زانیاری لەسەر فەرماندەی گروپێکی سەر بە ئێران لە عێراق بدات، پاداش وەردەگرێت.

هەژماری "پاداشت بۆ دادپەروەری" کە بەرنامەیەکی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایە، لە تۆڕی ئێکس ڕۆژی دووشەممە داوای کردووە هەرکەسێک زانیاری لەسەر حەیدەر ئیبراهیم ئەلغەڕاوی هەیە، بیداتە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و پاداشت دەکرێت.

ئەلغەڕاوی بە فەرماندە و سکرتێری گشتی تاقمی ئەنساروڵا ئەلئوفیا (انصار الله الأوفياء) ناو دەبرێت کە گرووپێکی سەر بە ئێرانە و نزیکە لە هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی بەشی پاداشت بۆ دادپەروەریی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەلغەڕاوی هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوە و بنکە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ئوردن و سوریا و سەربازە ئەمەریکاییەکانی کوشتووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئەم گروپە لە موقتەدا سەدر جیابووەتەوە و یەکێکە لەو هێزە دیارانەی کە لەلایەن هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە عێراق پاڵپشتی دەکرێت و لە مێژە لەسەر سنووری سوریا جێگیر کراون و بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لە کوشتنی خۆپیشاندەرانی عێراق کردووە بۆ سەلماندنی دڵسۆزی خۆیان بۆ ئێران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP