دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا: پرسی ئاشتی لە مەترسیی شکستهێناندایە و تەنیا لە ئاستی قسەدا ماوەتەوە

هەرێم نیوز

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا هۆشداری دەدات لە مەترسیی شکستهێنانی پرۆسەی نوێی ئاشتی و ڕایدەگەیەنێت، کە لێدوانەکانی دەوڵەت تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا ماونەتەوە و نەبوونەتە هەنگاوی کردەیی.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی 4ـی 2026، ئەرجان یەڵماز، جێگری هاوسەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، کە نابێت پرۆسەی ئاشتی تەنیا وەک پرسێکی ئەمنی سەیر بکرێت. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئامادەبوونی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمان، هیچ هەنگاوێکی یاسایی نەنراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پڕۆسەی چەکدانان بە کردەیی دەستی پێکردووە.

یەڵماز جەختی کردەوە، کە پێویستە دەوڵەت بەبێ کات بەفیڕۆدان "یاسایەکی چوارچێوەی" گشتگیر بۆ پشتگیریکردن لە بڕیاری چەکدانانی پەکەکە دەربکات. هەروەها داوای کرد بۆ بونیادنانی ئاشتییەکی بەردەوام، زیندانیانی سیاسی و نەخۆش ئازاد بکرێن، سیستەمی قەیوم کۆتایی بێت و بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بکرێن.

هاوکات دوێنێ یەکشەممە، تولای هاتیمۆگولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، کە پرۆسەی ئاشتی خەریکە دەگاتە ئاستی پەککەوتن و حکوومەت بە مەبەست درێژەی پێ دەدات. هاتیمۆگولاری ئاشکرای کرد: "پێشتر دەسەڵاتدارانی تورکیا چاوەڕێی پێشهاتەکانی ڕۆژاوای کوردستان بوون، بەڵام ئێستا چاویان بڕیوەتە ئەنجامەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی ئێران."

هاوسەرۆکی دەم پارتی هیوا دەخوازێت پرۆسەکە دووچاری شکستی تەواوەتی نەبێت، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە دیارە تورکیا ستراتیژی خۆی بەستووەتەوە بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و داهاتووی ئێران.

ئەم پەرەسندنانە لە کاتێکدایە، کە بێدەنگبوونی چەکەکان هەلێکی مێژوویی ڕەخساندووە، بەڵام نەبوونی هەنگاوی یاسایی و سیاسی لە لایەن ئەنقەرەوە، نیگەرانیی لای لایەنە کوردییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP