هەرێم نیوز
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا)، هۆشداریی داوەتە ئیتاڵیا بەهۆی دەستتێوەردانی سیاسی لە کارەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەدا، کە ڕەنگە ببێتە هۆی لێسەندنەوەی مافی میوانداریکردنی یۆرۆی 2032 و دوورخستنەوەی یانەکانی ئیتاڵیا لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی 4ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، یوفا ناڕەزایەتیی تووندی نیشانداوە لەسەر دەستنیشانکردنی کۆمیسیارێک لەلایەن لیژنەی ئۆڵۆمپیی ئیتاڵیاوە بۆ سەرپەرشتیکردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە، چونکە ئەو کارە پێچەوانەی یاساکانییەتی.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، یوفا پێی وایە ئەو هەنگاوەی لیژنەی ئۆڵۆمپی کە دامەزراوەیەکی حکومییە، بە دەستتێوەردانی سیاسی و پێشێلکردنی یاساکان ئەژمار دەکرێت، لەبەر ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێ دەبێت دامەزراوەیەکی تەواو سەربەخۆ بێت و نابێت حکومەت بچێتە ناو کارەکانییەوە.
لەبارەی پاشخانی ئەم پرسەشەوە میدیاکان ڕایانگەیاند، ئەم تەنگژەیە دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنەکە و دەرکەوتنی چەند کێشەیەکی پەیوەست بە لیژنەی ناوبژیوانان هاتە ئاراوە، کە وای لە وەزارەتی وەرزشی ئیتاڵیا کرد پەنا بۆ ڕێوشوێنی نائاسایی ببات.
یوفا جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر ئەم دەستتێوەردانە بەردەوام بێت، سزاکان جێبەجێ دەکرێن کە بێبەشکردنی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و یانەکان لە خولە ئەوروپییەکانی وەک چامپیۆنزلیگ لەخۆ دەگرێت.