دواین هەواڵ

وەرزش‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ئێران حەوت مەرجی قورس بۆ ئەمریکا و کەنەدا دادەنێت بۆ بەشداری لە مۆندیال

هەرێم نیوز

مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، حەوت مەرجی سەرەکیی وڵاتەکەی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی ٢٠٢٦ ڕاگەیاند، کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت.

مەرجەکان لە دەرکردنی ڤیزاوە تاوەکو پرسیاری ڕۆژنامەنووسان
تاج لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "وەرزش"ی ئێرانی، وردەکاریی مەرجەکانی خستەڕوو کە تێیدا جەخت لەسەر پارێزبەندیی یاریزانان و ستافەکەی دەکاتەوە:

١. ڤیزا بۆ سەربازانی پێشوو: پێدانی ڤیزا بە بێ کێشە بۆ هەمووان، بەتایبەت ئەو یاریزانانەی وەک مەهدی تارمی و ئیحسان حاج سەفی کە پێشتر لە "سوپای پاسداران" خزمەتیان کردووە.

٢. قەدەغەکردنی لێپرسینەوە: پۆلیسی کۆچبەران نابێت لە کاتی گەشتەکەدا هیچ جۆرە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیەک لەگەڵ ستاف و یاریزانان بکات.

٣. ئاسانکاری بۆ هاندەران: دیاریکردنی میکانیزمێکی ڕوون بۆ پێدانی ڤیزا بە هاندەران و ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی.

٤. پاراستنی ئەمنیی توند: دابینکردنی بەرزترین ئاستی پاراستن لە فڕۆکەخانە، هۆتێل و یاریگاکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.

٥. تەنیا ئاڵای فەرمی: ڕێگە نەدرێت بە بردنی هیچ ئاڵایەک بۆ ناو یاریگا جگە لە ئاڵای فەرمیی "کۆماری ئیسلامیی ئێران".

٦. سروودی نیشتمانی: زامنکردنی لێدانی سروودی نیشتمانی بە بێ هیچ کێشە و پچڕانێک.

٧. سانسۆرکردنی پرسیارەکان: پێویستە پرسیاری ڕۆژنامەنووسان تەنیا لە چوارچێوەی وەرزشدا بێت و تێکنەگلێندرێت بە بابەتە سیاسییەکان.

ڕێگریی کەنەدا لە مەهدی تاج
ئەم مەرجانەی تاران لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی کەنەدا لە فڕۆکەخانەی تۆرۆنتۆ ڕێگرییان لە مەهدی تاج و دوو بەرپرسی تری فیدراسیۆنەکە کرد بچنە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە، کە بەنیازی بەشداری بوون لە کۆنگرەی "فیفا" لە ڤانکۆڤەر.

ئەگەری گواستنەوەی یارییەکان بۆ مەکسیک
هەرچەندە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا جەخت دەکاتەوە کە ئێران هێشتا بەنیازی بەشدارییە، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دانوستان هەیە بۆ گواستنەوەی یارییەکانی ئێران لە ئەمریکاوە بۆ مەکسیک، ئەمەش بۆ دوورکەوتنەوە لەو ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییانەی کە لەوانەیە لە خاکی ئەمریکا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەکە ببێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP