هەرێم نیوز
ئەنجومەنی دانایانی موسڵمانان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا جەختی کردەوە کە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نیشتمان یەکێکە لە مەبەستە هەرە گەورەکانی شەریعەتی ئیسلام و نابێت هیچ وەلائێکی دەرەکی بخرێتە پێش وەلائی نیشتمانییەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی 5ـی 2026، ئەنجومەنەکە لە کاردانەوەیەکدا سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی (کە دواترینیان بەحرەین بوو) دەربارەی ئاشکراکردنی شانە و ڕێکخراوی سەر بە لایەنی دەرەکی، ڕایگەیاند کە دڵسۆزی بۆ نیشتمان ئەرکێکی ئایینییە.
ئەنجومەنی دانایانی موسڵمانان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەکارهێنانی ئینتیمای مەزهەبی و تایفی بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای سیاسیی دەرەکی، لادانێکی مەترسیدارە لە بە هاکانی ئیسلام.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام خیانەت و بڵاوکردنەوەی فیتنە و خراپەکاریی بە توندی حەرام کردووە.
ئەنجومەنەکە داوای لە موسڵمانان کردووە نەکەونە داوی پلاتفۆرمە ئایدۆلۆژیانەی کە ئامانجیان پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگەیە.
هەروەها جەختی کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی تایفەگەرایی سیاسی و وتاری ڕق و کینە، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و پێویستە کار بۆ چەسپاندنی بەهاکانی هاووڵاتیبوون و پێکەوەژیان بکرێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی گەلان.