هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، وەڵامەکەی ئێرانی سەبارەت بە ڕاگرتنی جەنگ بەدڵ نەبووە و بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە، هاوکات ئاشکراشی کرد کە تاوتوێی دەستپێکردنەوەی 'پڕۆژەی ئازادی' دەکات بە مەودایەکی زۆر فراوانترەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی 5ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاردانەوەیدا بەرامبەر بە وەڵامەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "وەڵامدانەوەکەی ئێرانم بەدڵ نەبوو و بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە."
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی داهاتووی واشنتن و ئاماژەی بەوە کرد، کە لە ئێستادا تاوتوێی دەستپێکردنەوەی 'پڕۆژەی ئازادی' دەکات، بەڵام ئەمجارەیان بە مەودایەکی زۆر فراوانتر لە پێشوو.
سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیشی کردەوە، پڕۆژە نوێیەکە تەنیا لە پاسەوانیکردنی کەشتییە بازرگانییەکان و نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمزدا کورت نابێتەوە، بەڵکو ئامانج و ڕەهەندی دیکە لەخۆ دەگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان لە ناوچەکەدا.
لە کۆتاییدا دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، هەرچەندە گفتوگۆ و تاوتوێکردن لەسەر ئەو پرسە بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر دەستپێکردنەوەی 'پڕۆژەی ئازادی' نەداوە.