دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ: لەوانەیە بۆ دوو هەفتەی دیکە بەردەوام بین لە لێدانی ئامانجەکانمان لە ئێران

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم لێدوانیدا دوای گەیشتنی وەڵامەکەی ئێران لە ڕێگەی پاکستانەوە، ڕایگەیاند، هێشتا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران کۆتاییان نەهاتووە و لەوانەیە بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە بەردەوام بن، هاوکات هۆشداریش دەداتە هەر کەسێک کە نزیکی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئەو وڵاتە ببێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی 5ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم کاردانەوەیدا دوای ڕەوانەکردنی وەڵامی ئێران بۆ وڵاتەکەی لە ڕێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە، کۆمەڵێک زانیاریی نوێی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە ئێران ئاشکرا کرد.

ترەمپ لە لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، کە نەوتووە پرۆسە جەنگییەکان لە دژی ئێران کۆتاییان هاتووە، بەڵکو وتوویەتی "ئێران شکستی هێناوە". ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێت بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە هەنگاوی سەربازی دژی ئێران بگرنە بەر و لەو ئامانجانە بدەن کە دیاری کراون.

سەبارەت بە ئەنجامی هێرشەکانیان، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ئامانجی دیاریکراومان لە ئێران هەیە کە هەوڵی بەدەستهێنانیان دەدەین، و ڕەنگە تاوەکو ئێستا ٧٠٪ـی ئامانجەکانمان پێکا بێت، بەڵام هێشتا ئامانجی دیکەمان ماون کە دەکرێت لێیان بدەین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ تیشکی خستە سەر پرسی ئەتۆمیی ئێران و هۆشداریی دا، کە لە قۆناغێکدا دەگەنە ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی ئێران کە لەژێر داروپەردووەکاندا نێژراوە. هەروەها ئاشکرای کرد، لە ئێستادا هێزی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (Space Force) ئەرکی چاودێریکردنی ئەو یۆرانیۆمەی گرتووەتە ئەستۆ، و هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە "هەر کەسێک لەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە نزیک ببێتەوە کە لەژێر داروپەردوودایە، پێی دەزانین و دەیکەینە ئامانج."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP