هەرێم نیوز
عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی ئامادەیی هێزەکانیان پێشکەش کرد و هۆشداریشی دا لەوەی هەر هەڵەیەکی ئەمریکا و ئیسرائیل وەڵامێکی خێرا و یەکلاکەرەوەی دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی 5ـی 2026، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، عەلی عەبدوڵڵاهی، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاستی ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشکەش کردووە، کە پێکهاتووە لە سوپا، سوپای پاسداران، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، دەزگا ئەمنییەکان، پاسەوانی سنوور، وەزارەتی بەرگری و هێزەکانی بەسیج.
فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاندووە، سەرجەم هێزەکانیان لە ئاستێکی بەرزی ئامادەییدان لە ڕووی بەرگری و هێرشبردنەوە، و خاوەنی پلانی ستراتیژی و چەک و کەرەستەی پێویستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جووڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
جەختیشی لەوە کردەوە کە هەر هەڵەیەکی ستراتیژی یان هێرشێک لەلایەن ئەوانەوە، بە وەڵامێکی خێرا، توند و یەکلاکەرەوە ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
هەروەها ناوبراو بە ناوی سەرجەم هێزە چەکدارەکانەوە دڵنیایی دا بە فەرماندەی گشتی کە پابەندی تەواوی فەرمانەکانی دەبن بۆ پارێزگاریکردن لە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی، خاکی ئێران و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.
لە کۆتاییدا، موجتەبا خامنەیی وێڕای سوپاسگوزاری بۆ هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی، وەک تەواوکەری ڕێکارەکانی پێشووی لە میانی ئەوەی ناوی ناوە "سێیەمین جەنگی سەپێندراو"، چەند ڕێنماییەکی نوێ و یەکلاکەرەوەی بۆ بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانیان دەرکرد.